ههمهڕهنگ
[ئەرشیف] دەرهێنەری ڤیدیۆ کلیپ رەندە عەلەم پاش ئەوەی یەکەم منداڵی بوو، گەڕایەوە بۆ سەر کارەکەی.(10/9/8) -- نوهاد تۆپالیان لە بەیروت
پاش ئەنجامدانی پشوویەکی درێژ دوای لەدایکبوونی منداڵی یەکەمی، دەرهێنەری ڤیدیۆکلیپ رەندە عەلەم لەم دواییەدا گەڕایەوە سەرکار.
سەبارەت بە دەرهێنانی هونەری، رەندە قسەی بۆ مەوتنی کرد و روونیکردەوە بۆچی خۆی بەدوور دەگرێت لە کاریگەرە تایبەتەکان (کە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، وەک کۆمپیەتەر، دروستدەکرێن) ، هەروەها هۆی چیە لە ڤیدیۆ کلیپەکانیدا تەرکیزدەکاتە سەر رۆمانسیەت.
مەوتنی: پاش نۆ مانگ دوورکەوتنەوە لە دەرهێنان، ئەم جارە چیت پێیە؟
رەندە عەلەم: لەم دواییەدا لە وێنەگرتنی ڤیدیۆ کلیپێك بوومەوە بە ناوی "ملیۆنێك جار تۆم خۆشدەوێت" ی وائیل جەسار. ئەمە یەکەم کارمە پاش ئەو پشووەی کە بە هۆی سکپڕیمەوە لە مانگی کانونی یەکەمی پارەوە بەردەوامە. یەکەم منداڵمە و ناوی کای لینە و ئێستا تەمەنی چوار مانگ و نیوە.
مەوتنی: لەم ڤیدیۆ کلیپەدا چ شێوازێکت بەکارهێناوە؟
رەندە عەلەم: "ملیۆنێك جار تۆم خۆش دەوێت" گۆرانیەکی سۆزدارییە و باس لە چیرۆکێکی خۆشەویستی ناتەقلیدی دەکات و خاڵیە لەو جۆرە درامایانەی کە لە فیلمەکاندا هەن. بۆ ئەم کارەم تەرکیزمکردۆتە سەر دیمەنە جوانەکان بۆ گوزارشتکردن لەو دیمەنانەی خۆشەویستی تێدایە.
مەوتنی: بۆچی تەرکیزدەکەیتە سەر رۆمانسیەت؟
رەندە عەلەم: من خولیای رۆمانسیەتم. ئەمەش هەستێکە لە هەر ساتێکدابێت بۆمان دروستدەبێت. ئێمە رۆژانە دەگرین و پێدەکەنین و هیچ پێکەنین و گریانێك لەیەكتری ناچن. رۆمانسیەت هەستێکی مرۆییە و ئەو گۆڕانکاریانەی من پێشنیاری دەکەم بریتین لە پێشکەشکردنی رۆمانسیەت بە شێوازێکی تر و بە وردەکاریەکی نوێوە. چیرۆکی رۆمیۆ و جولێت 27 جار وێنەی گیراوە و هەر جارە و بە شێوەیەکی جیاواز.
مەوتنی: بۆچی خۆت بەدوور دەگریت لە بەکارهێنانی کاریگەریە تایبەتەکان؟
رەندە عەلەم: من زۆر حەزم لەپشت بەستن بە تەکنۆلۆژیا و کاریگەرییە تایبەتەکان نیە. من دیمەنی سروشتی و ئەو دیمەنانەم پێ باشترە کە پشت بە سۆزی مرۆیی دەبەستن. بەڵام ئەمە رێگری ئەوەم لێناکات هەر کاتێك پێویست بوو تەکنۆلۆژیا و کاریگەریە تایبەتەکان بەکاربهێنم، بەڵکو گۆرانیەکەیە ئەو ئامڕازانە دیاری دەکات کە بۆی بەکاردەهێنرێت.
مەوتنی: ئایا دەرهێنەر هونەرمەند دەکات بە ئەستێرە یان ئەمە بە پێچەوانەوەیە؟
رەندە عەلەم: کاتێك لێهاتوویی لەئارادابێت، هیچ کەسێك ئەوی تر دروستناکات، نە دەرهێنەر و نە هونەرمەند. ئەوەی دەرهێنەر دەکات بە ئەستێرە درککردنە بە بەهرەی خۆی و بەهرەی هونەرمەندەکە هەروەها ئەو هەوڵانەشە کە دەیدات بۆ چالاكکردن و تیشك خستنەسەر توانا شاراوەکانی هونەرمەند لە رێگەی نمایشکردنیەوە بە شێوازێکی نوێ.
مەوتنی: ئێوە باستان لەوەکرد کە بەرزیخوازی و پەرۆشبوون یارمەتیدەرتانە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن.
رەندە عەلەم: بەڵام پەرەپێدانی تواناکانیشم زیاددەکەم بۆ ئەو بەرزیخوازیە. بە نیسبەت خۆمەوە، من هەر دوو مانگ جارێك دەچم بۆ ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبەرئەوەی هاوسەرەکەم لەوێ دەژی. ئەمەش هەلی ئەوەم بۆ دەڕەخسێنێت بەدواداچوون بکەم بۆ تەکنۆلۆژیا نوێکانی دەرهێنان و فیلمسازی. من هەمیشە بە شتێکی نوێوە دێمەوە لەبەرئەوەی بیرۆکە رۆژئاواییەکان هاندەری داهێنانن. رۆڵی من لە تواناکەمدا خۆی دەبینێتەوە بۆ سوود بینین لەوەی کە بەدەستمهێناوە، بەڵام بە شێوازێکی رۆژهەڵاتی.
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه












