یانه‌ی دهۆك جێگای خۆی گرت له سه‌رووی لوتکه‌ی گروپی دوودا دوای بردنه‌وه‌ی له نه‌وتی باشوور به دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر به یه‌ك گۆڵ له‌و یاریه‌یاندا که له یاریگای ناسریه له میانی کایه‌ی پێنجه‌م له خولی بژارده‌ی عێراقیدا ئه‌نجامدرا.
هه‌ردوو گۆڵه‌که‌ی یانه‌ی براوه له لایه‌ن حوسام ئیبراهیم و نه‌واف فه‌لاح له خوله‌که‌کانی (5 و 20) یه‌ك له دوای یه‌ك تۆمارکران، له‌کاتێکدا گۆڵی تیمی دۆڕاو له لایه‌ن سه‌عد غانم له خوله‌کی (80)دا به تۆپێکی که‌له‌یی جوان له تۆڕی گۆڵی گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌که‌مان نور سه‌بری تۆمارکرا که یه‌که‌م گۆڵی له خولی بژارده له‌دژدا تۆمارکرا، له‌کاتێکدا هه‌ولێر تاکه یانه‌یه که تا‌وه‌کو ئێستا گۆڵه‌که‌ی خۆی به پاکی پاراستووه.
یارییه‌که سێ حاڵه‌تی ده‌رکردنی بۆخۆوه بینی گشتیشیان له نه‌وتی باشوور بوون، کاتێك ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی سه‌میر شه‌بیب، عه‌قیل هاتۆی ڕاهێنه‌ری نه‌وتی باشووری کرده ده‌ره‌وه به‌هۆی ڕه‌خنه‌گرتنی له بڕیاره‌کانی ناوبژیوان، دواتر سه‌میر شه‌بیب هه‌ڵستا به ده‌رکردنی هێرشبه‌ری نێوده‌وڵه‌تی عیماد عۆده، دوایین کردنه ده‌ره‌وه‌ش به‌شی قه‌یس عیسا بوو که به‌وه نه‌وه‌ستا و بۆکسێکی ئاڕاسته‌ی ده‌می ناوبژیوانه‌که کرد و پڕ له خوێنی کرد بۆ ئه‌وه‌ی ناوبژیوانه‌که له ئاکامدا کۆتایی به‌یاریه‌که بێنێت به‌ر له ته‌وابوونی کاتی ته‌وای به (7) خوله‌ك.
ئه‌ڵبه‌ته ئه‌و کاره بۆیه‌که‌م جاره له یاریگاکانمان به‌دی بکرێت، به‌هۆیه‌وه به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی نه‌وتی باشوور کۆبونه‌وه‌یه‌کی ده‌موده‌ستی سازدا و سزایه‌کی ده‌رکرد که ده‌قه‌که‌ی بۆ گشت ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاند بڵاوکرایه‌وه، کاتێك بڕیاری ده‌رکردنی یاریزان قه‌یس عیسای دا له یانه‌که (به‌درێژایی ژیان) سه‌ره‌ڕای سه‌پاندنی غه‌رامه‌ی دوو ملیۆن دیناری عێراقی به‌سه‌ریدا، له‌گه‌ڵ ده‌رکردنی دوو کارتی سوور بۆ هه‌ردوو یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی عیماد عۆده و ناسر ته‌لاع به‌هۆی زۆری ڕه‌خنه و کێشه‌نانه‌وه‌یان.
وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت یه‌کێتی تۆپی پێی عێراقی بڕیارێك ده‌ربکات بۆ بێبه‌شکردنی یاریزان قه‌یس عیسا له یاریکردن به درێژایی ژیانی، له‌وانه‌یه بڕیاره‌که یانه‌ی نه‌وتی باشووریش بگرێته‌وه به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونی یاریزانه‌کانی.
شایه‌نی باسه، قۆناغی چوون له گروپی دووه‌م کۆتایی هات، و به‌و پێیه ڕێزبه‌ندی کۆتایی گروپه‌که به‌م شیوه‌ی خواره‌وه‌یه:
1- دهۆك 10 خاڵ له 4 یاری.
2- که‌ربه‌لا 8 خاڵ له 4 یاری.
3- نه‌وتی باشوور 6 خاڵ له 4 یاری.
4- ته‌له‌به 4 خاڵ له 4 یاری.
5- کاره‌با هیچ خاڵ له 4 یاری.
-
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه




