حكومه‌تی عێراق و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕێككه‌وتنێكیان بۆ هاوكاری واژۆكرد كه‌به "مێژوویی" ناوزه‌د كرا، له ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا ئه‌و میكانیزمانه دیاری ده‌كرێن كه ده‌بنه بنه‌مایه‌ك بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، بۆ پشتیوانیكردن له پڕۆسه‌ی گه‌شه‌پێدان، ئاوه‌دانكردنه‌وه و جێبه‌جێكردنی پێداویستییه مرۆییه‌كان له عێراقدا، بۆ ماوه‌یه‌ك كه بۆ سێ ساڵ دروێژده‌بێته‌وه. ئه‌م په‌یمانی ڕێككه‌وتنه له ئاهه‌نگێكدا واژۆكرا كه مه‌وتنیش ئاماده‌ی بوو. له‌جیاتی لایه‌نی عێراقی وه‌زیری پلان دانان و هاوكاری گه‌شه‌پێدان و له‌جیاتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخه‌ری كاروباری مرۆڤایه‌تی له‌عێراق په‌یماننامه‌که‌یان واژۆ كرد، به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسی ده‌وڵه‌ت و نوێنه‌رانی ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق.
هه‌ڵبه‌ته له‌سه‌رده‌می حه‌فتاكانه‌وه ئه‌وه یه‌كه‌م جاره نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ستراتیژیه‌تێكی له‌م شێوه‌یه بۆ یارمه‌تیدان بگرێته ئه‌ستۆی خۆی. ئه‌و ڕێككه‌وتنه ستراتیژیه‌ته‌كانی هاوكاری ڕوون ده‌كاته‌وه كه‌له ڕێگایه‌وه ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان یارمه‌تی پێشه‌كه‌ش به عێراق ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بتوانێت ئامانجه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه گرنگه‌كانی به‌ده‌ست بێنێت، بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه عێراق به‌پێی په‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی داویه‌تی.
وه‌زیری پلاندانان و یارمه‌تی گه‌شه‌پێدان عه‌لی بابان له‌و‌ته‌یه‌كیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ئه‌و ڕێكه‌وتنه چه‌ند چاره‌سه‌رێك بۆ كاروباره‌کانی مرۆڤایه‌تی و گه‌شه‌پێدان له‌خۆده‌گرێت، له‌پێناو پێشكه‌شكردنی باشترین خزمه‌تگوزاری كۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌كو خوێندن، ئاو و پاراستنی توێژه هه‌ژاره‌كان، وێڕای پێداگرتنی له‌سه‌ر پشتیوانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌پێناو دروستكردنی ده‌رفه‌تی زیاتری كار و وه‌دیهێنانی زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو بۆ پیاده‌كردنی ئه‌و سیستمانه‌ی كه خاوه‌نی هێز و به‌رپرسیاریه‌تی زیاترن. وه‌زیر بابان به‌رده‌وام بوو ۆ گووتی، "ئه‌و ڕێككه‌وتنه هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ بردنه پێشه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ژیاندنه‌وه‌ی عێراق له‌زیاتر له بوارێكدا. ئه‌و ڕێككه‌وتنه هه‌موو ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و گه‌لی عێراق كۆده‌كاته‌وه، له‌پێناو سنوورداركردنی هه‌ژاری و به‌هێزكردنی گه‌شه‌كردن و چه‌سپاندنی دیموكراسیه‌ت له عێراقدا".
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان د‌یڤید شیرار ڕوونی كرده‌وه و گووتی، "ئه‌و ستراتیژیه‌ته ده‌رفه‌تێكی ڕاسته‌قینه بۆ سه‌قامگیریبوونی عێراق فه‌راهه‌م ده‌كات، هه‌روه‌ها تیمه‌كانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌عێراق زیاد ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن زیاترین خزمه‌ت له‌زۆرترین بواردا پێشكه‌ش به‌عێراق بكه‌ن. ئێستا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان ده‌بێت ده‌سكه‌وته‌كانمان یه‌كخه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كلابینه‌وه بۆ یارمه‌تیدانی عێراق له ڕێگای وه‌گه‌ڕخستنی توانا و داهاته‌بنه‌ڕه‌تیه‌كانی، له‌كاتێكدا كه كار بۆ جێبه‌جێكردنی پێویستیه مرۆییه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی وڵات ده‌كه‌ین. ئه‌و ڕێككه‌وتنه ژماره‌یه‌ك ئامانج له‌خۆ ده‌گرێت، ده‌بێت له‌ماوه‌ی سێ ساڵی داهاتوودا جێبه‌جێ بكرێن، دیارترینیان به‌هێزكردنی سیاسه‌تی گه‌شه‌پێدان و هه‌ماهه‌نگییه له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌عێراقدا، هه‌روه‌ها پشتیوانیكردن له ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی درێژخایه‌ن له‌عێراقدا. وێڕای یارمه‌تی پێشكه‌شكردن له‌ده‌سته‌به‌ركردنی چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌یی بۆ ئه‌و كێشه مرۆییانه‌ی كه سه‌ریان هه‌ڵداوه له‌وڵات، هه‌روه‌ها قوڵكردنه‌وه‌ی هاوبه‌شی له‌نێوان نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ناحكومی. بێجگه له‌وه‌ش ئه‌و ستراتیژیه‌ته نوێیه گرێنتی دامه‌زراندنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك ده‌كات كه‌له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌كانی یانه‌ی پاریسی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به كارایی ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی كه حكومه‌تی عێراق ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پیشانداوه ده‌گونجێن". پشتیوانیكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ش له‌ڕێگای سێ میكانیزمی سه‌ره‌كی ده‌بێت، ئه‌ویش حكومه‌تی عێراق، پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و به‌رنامه‌كانی یارمه‌تی مرۆیین.
شایه‌نی گوتنه واژۆكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ پێنجه‌م یاده‌وه‌ری ڕووداوی ته‌قاندنه‌وه‌ی باره‌گای نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق له هۆتێلی قه‌نات، له ڕۆژهه‌ڵاتی پێته‌خت كه له مانگی ئاب/ ئۆگێستی ساڵی 2003دا به‌ده‌ستی چه‌ند كه‌سێكی سه‌ر به ڕێكخراوی قاعیده ئه‌نجام درا. ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ش هێمایه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و كۆمه‌ڵه تیرۆریستانه ناتوانن پڕۆژه‌ی بیناكردنی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق كه‌له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسیه‌ت و ئاڵوگۆڕی ده‌سته‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه دامه‌زراوه، ڕابگرن. له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵه لاده‌ره‌كان له یاسا باڵیان شكاوه له‌ده‌ره‌نجامی ئه‌و زه‌بره كوشندانه‌ی به‌ده‌ستی هێزه‌كانی ئاسایشی حكومه‌ت خواردوویانه.
سه‌رنجی خوێنه‌ران
خوایه ئاوه‌دانی و خۆشه‌ویستی، ئامین.
-
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه





ئاوه‌دانی و خۆشه‌ویستی، ئامین.